رۆژی شەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٥ی ژوئەنی ٢٠٢١)، هاوکارانی هانا لە سنەوە رایانگەیاند، “عیرفان ساعید پەنا” تەمەن ٣٥ ساڵ و چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە.
تەرمی ئەم چالاکە مەدەنییە ئەمڕۆ شەممە ١٥ی جۆزەردان لە بەنداوی "قشڵاخ"ی سنە دۆزرایەوە.
"عیرفان ساعید پەنا" لە نووسراوەیەکی پێشووتریدا باسی لە سەر دۆخی نالەباری درێژەی هەڵسووڕانی سیاسی خۆی لە کوردستان کردبوو. ناوبراو لە درێژەدا وتبووی لە داهاتوودا لەم بارەوە قسە دەکا و چەند راستییەک دەدرکێنێ بەڵام ٤ رۆژ پاش درکاندنی ئەم وتانە و دوای ماوەیەک بێسەروشوێن بوون تەرمەکەی لە بەنداوی "قشڵاخ"ی سنە دۆزرایەوە.
شایانی باسە سەرەڕای ئەوەیکە چالاکیی سیاسی لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە بەڵام بە هۆی نەبوونی ئازادی هەڵسوورانی سیاسی، ساڵێ ژمارەیەکی زۆر لە شارۆمەندانی ئێران و بەتایبەت کوردستان دەستبەسەر، زیندان یان بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەست دەدەن.
لێرەدا جێگای خۆیەتی ئاماژە بە بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئازادی و مافەکانی ئینسان لە کۆمەڵگادا بکەین. شایانی باسە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش ئەم جاڕنامەیەی واژۆ کردووە بەڵام قەت رەچاوی نەکردووە و رۆژانە بە بەردوامی پێشێلی دەکا.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.