بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، کرێکارانی کوشتارگەی سنە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بڕینی نیوەی خەڵاتی ساڵانە و نەدانی هەقدەستی مانگانەیان دەستیان داوەتە مانگرتنی گشتی.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هانای راگەیاند، بەرپرسی ئەم کرێکارانە دوو کەسن بە ناوەکانی "سەید مەهدی شێخ ئەحمەدی و فەرزاد ئەحمەدی" و ئەوان بەڕێوەبەری ئەو بەشن و ١٢ کەس لە کرێکارانی مانگرتوو کە لە بەشی گورێن کار دەکەن بە هۆی هەلومەرجی خراپی بەڕێچوون ناچارن بە هەقدەستی کەم و بارودۆخی سەختەوە کار بکەن، بە جۆرێک کە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان دەچنە سەر کار و بەم حاڵەشەوە نیوەی خەڵاتی ساڵانە و مافی نیشتەجێ بوون و دەرماڵەی منداڵیان لێ بڕیون.
ئەم کرێکارانە زیاتر لە چوار ساڵە لەگەڵ ئەم کێشانە بەرەوڕوون و بەم حاڵەشەوە کاریان هەر کردووە. ئێستا بۆ ناڕەزایەتی بەم بارودۆخە خوازیاری وەڵامدانەوە بە داواکارییەکانیان بە مەبەستی چارەسەر کردنیانن، بەڵام بەرپرسانی کوشتارگە لەباتی گوێ گرتن لە داواکاری و چارەسەری کێشەکانیان، هەڕەشەی دەرکردنیان لێ کردوون.
شایانی باسە، ئێران بە هۆی یاساگەلی دژی کرێکاری و باری نائەمن بوونی شوێنی کاری کرێکاران لە سەر ئاستی جیهاندا لە پلەی ١٠٢ دایە و بووەتە وڵاتێکی نائەمن بۆ کرێکاران.
