هانا: رۆژی پێنجشەممە ٩ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٩ی ئاوریلی ٢٠٢١)، دوو شارۆمەندی کوردی خەڵکی ئاوایی “نییەر” لە ناوچەی “ژاوەرۆ”ی سنە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە "کاوە مینبەری" ٢٢ ساڵ تەمەن کوڕی زاهید و "شێرکۆ مینبەری" ٣٤ ساڵ تەمەن و کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی "نییەر" لە ناوچەی "ژاوەرۆ"ی سنە راگەیەندراوە.
بە پێی ئەو راپۆرتانەی هاتوون، ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بێ لەدەستدابوونی بەڵگەی یاسایی ئەم دوو شارۆمەندەیان قۆڵبەست و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێستووە.
بەگوێرەی ئەم راپۆرتانە، سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بەڵام ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ زانیارییەکیان لە سەر چارەنووس و دۆخی ئەم دوو شارۆمەندە پێ نەداون.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.