سنە: قۆڵبەستکردنی دوو ئەندامی بنەماڵەیەک لەلایەن هێزەکانی سپاوە 

هانا: رۆژی دووشەممە ٢٧ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٧ی مەی ٢٠٢١)، دوو ئەندامی بنەماڵەیەک لە سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. 

ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە "شەمسوڵڵا لوتفوڵڵاپوور" خەڵکی ئاوایی "تاینە" لە ناوچەی کامێران و "گەشێن" خەڵکی سنە راگەیەندراوە. 
بەپێی ئەم راپۆرتانەی بۆ هانا هاتووە، "گەشێن" لە ماڵەکەی خۆی لە سنە بە بەرچاوی ٣ منداڵەکەیەوە دەستبەسەر کراوە. هەروەها "شەمسوڵڵا لوتفوڵڵاپوور" کە هاوسەری "گەشێن"ە، لە کاتی کار کردندا لە زەوییەکانی خۆیدا لە گوندی"تاینە" دەستبەسەر کراوە. ئەم ژن و مێردە هەرکیان لەلاین هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانەوە گیراون. 
جێگای وەبیرهێنانەوەیە شەمسووڵڵا لوتفوڵڵاپوور ساڵی ١٣٨٧ بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری حزبە کوردییەکان، ٣ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپا. 
شایانی باسە دەستبەسەر کردنی ئەم دوو شارۆمەندە بە بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە بووە. هەروەها هیچ زانیارییەک لە سەر شوێن و هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندانە لەبەردەستدا نییە. 

ئازادی دەربڕینی بیروباوەڕ یا ئەندامەتی و لایەنگری لە حزب و رێکخراوی سیاسی و مەدەنی لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگای ئازاد و دێموکڕاتدا و هەروەها جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئەم مافە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا وەک مافێکی سروشتی و بێ ئەملاولا چاولێدەکا و لە بەندەکانی خۆیدا گونجاندوویەتی. شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە واژۆی کردووە و هەرچەندە لەم جاڕنامەیەدا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئەرکی سەر شانی حکومەتی وڵاتەکانی دادەنێ رێز لە بەندەکانی ئەم جاڕنامەیە بگرن و بۆ ڕەچاو کردنی ئەم بەندانە بە بەرپرسیان دەزانێ، بەڵام حکومەتی ئێران بایەخی پێ نادا و هەموو رۆژێ و بەردەوام بە پانایی وڵاتی ئێران مافی شارۆمەندانی ئەم وڵاتە و خەڵکی کوردستان پێشێل دەکا. 
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. بەندەکانی ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی تاک لە کۆمەڵگادا بەم جۆرە دەڵێ: 

بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular