هاوکارانی هانا لە سنەوە ئاگاداریان کردین، “مورتەزا حەقبەیان” رۆژنامەنووس و رەخنەگر، لەلایەن لقی ١٠٤ی دادگای سنەوە بە تۆمەتی رەخنە لە کردەوەی بەرپرسانی حکومەت لە کوردستان و بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی حکومەتی، سزای ٢ ساڵ و نیو بەندکران و ٩٠ قامچی و دانی ١٠ میلیۆن تمەنی بەسەردا سەپاوە.
سەپاندنی ئەم سزایە بە سەر ئەم رۆژنامەنووس و رەخنەگرە کوردەدا بە دوای ئەودا هاتووە کە ناوبراو لە کاناڵێکی تێلێگرام بە ناوی "اعمک" چالاک بووە و ساڵی ١٣٩٦ لەو کاناڵەدا رەخنەی لە کردەوەکانی بەرپرسان گرتووە و لە قاوی داون.
هەوروەها ناوبراو لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە، بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە لە دژی نیزام ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
مورتەزا حەقبیان ساڵی ١٣٩٨ بۆ ماوەی ٨٠ رۆژ لە بەندیخانەی ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکان دەسبەسەر کرابوو.
شایانی باسە تۆمەتلێدراوێکی تری کاناڵی "اعمک" بە ناوی "شەهرام ئەمجەدیان" و باقی تاوانلیدراوەکانی دیکەی پێوەندیدار بەو کاناڵە تێلێگرامییەوە، لە درێژەی پڕۆسەی لێپرسینەوەکاندا سزاکەیان لە سەر هەڵگیرا.
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە، سەبارەت بە مافی و ئازادییە دێموکراتیکەکانی تاک لە کۆمەڵگاکاندا بەمجۆرەی خوارەوە دەدوێ:
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.