هانا: کاتژمێر ٢٣ی شەوی ٣١ی گوڵانی ١٤٠١، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران چوونە سەر ماڵی “مورتەزا سافی حەق بەیان” رۆژنامەنووسی کورد و خەڵکی سنە و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەریان کردووە.
ناوبراو پێشتر لە لقی ١٠٤ی دادگای سنە بە تۆمەتی "رەخنە لە کردەوەی بەڕێوەبەرانی حکومەتی لە کوردستان، بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی دەوڵەتی" دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران و ٩٠ زەبری قامچی و دانی ١٠ میلیۆن تمەن جەریمەی بەسەردا سەپابوو.
مورتەزا سافی حەق بەیان لە کاناڵی تێلێگرامی "بڵاوکردنەوەی کردەوەی بەڕیوەبەرانی کوردستان" چالاک بوو و بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژەی بە چالاکی دا.
هەروەها ناوبراو پێشتر لە لقی یەکی دادگای "ئینقلاب"ی سنە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی ئیسلامی" سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
جگە لەوانە ئەم رۆژنامەنووسە کوردە ساڵی ١٣٩٨ بۆ ماوەی ٨٠ رۆژ لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکانی سنە دەستبەسەر کرابوو.
شایانی باسە "شەهرام ئەمجەدیان" لە چالاکانی کاناڵی تێلێگرامی "اعمک" بە بۆنەی چالاکییەکانی سزای بۆ بڕابۆوە و چالاکانی تر ئەو کاناڵە لە پڕۆسەی لێپرسینەوە و دادگایی کردنیاندا بێ تاوان دەرچوون و ئازاد کرابوون.
شایانی باسە ئەم سزایەی "مورتەزا سافی حەق بەیان" لە دادگای پێداچوونەوەی لقی ١٠٤ی سنە رێکەوتی ١٢ی گەلاوێژ بە ناوبراو راگەیەندرابوو.
بەپێی بەندەکانی ١٩ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئازادی بەیان و ئازادی پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە لە مافە سەرەتاییەکانی هەر تاکێکن لە کۆمەڵدا و ئەم سزایە پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
