رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٣ی رەشەمە – ٣ی مارسی ٢٠٢١، روئیا جەلالی، چالاکی ژینگەپارێز بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد بوو.
بە پێی هەواڵێک کە بۆ تۆڕی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، روئیا جەلالی ئەندامی ئەنجومەنی ژینگە پارێزی کوردستانی سەوز کە رێکەوتی ١٤ی رێبەندان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵی خۆیان لە سنە دەسبەسەر کرابوو، رۆژی چوارشەممە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. جێی ئاماژەیە هیزە ئەمنییەتییەکان بۆ گرتنی روئیا جەلالی بە شێوەیەکی توندوتیژانە هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکەیان و سووکایەتییان بە بنەماڵەی ناوبراو کردبوو.
روئیا جەلالی دوای ئەوەی گیرابوو لە سلوولی تاکەکەسی یەکێک لە گرتووخانەکانی سنە دەسبەسەر کرابوو و بۆ لێپرسینەوە دەیانبردە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. شایانی باسە ناوبراو هاوسەر و دوو منداڵیشی هەیە.
هەر لەم پێوەندییەدا روبابە جەلالی کە دەبێتە خوشکی و خەبات مەفاخری هاوسەری روئیا جەلالی لە مانگەکانی رابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە بۆ ماوەی کاتی ئازاد کراون.