هانا: رۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، چالاکێکی کورد لەلایەن هێزەکانی ستادی خەبەری ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کرا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "مکاییل مینبەری" خەڵکی گوندی "نییەر" و دانیشتووی سنە راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و سەرەڕۆیانە و بە بێ حوکم و بەڵگەی یاسایی ئەم شارۆمەندەیان قۆڵبەست کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
شایانی باسە هێزە ئەمنییەکان وێڕای دەستبەسەر کردنی "مکاییل مینبەری"، دەستیان بە سەر کەلوپەل و موبایلەکەیدا گرتووە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.
جێگای ئاماژەیە بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئازادی و مافە دێموکراتیکەکانی شارۆمەندان لە چوارچێوەی کۆمەڵگاکاندا بە حەق و مافی هاووڵاتییان دەزانێ و ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەتی وڵاتەکان بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنیان.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.