هانا: رۆژی سێشەممە ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٨ی مەی ٢٠٢١)، پێنج شارۆمەندی کورد لە سنە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری هانا: ناسنامەی ئەم شارۆمەندە دەستبەسەرکراوانە بەم جۆرەیە:
1. موحسین حسێن پەناهی
2. قانع خاتری
3. موڕتەزا محەممەدی
4. کەیوان ئەلیاسی
5. رەزا رەزایی
هەورەها دوێنێ دووشەممە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ناسنامەی دوو شارۆمەندی دیکە "شەمسوڵڵا لوتفوڵڵاپوور" و "گەشێن"ی ئاشکرا کرد کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون.
تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە لە شوێن و هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم شارۆمەندانە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
ئازادی دەربڕینی بیروباوەڕ یا ئەندامەتی و لایەنگری لە حزب و رێکخراوی سیاسی و مەدەنی لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگای ئازاد و دێموکڕاتدا و هەروەها جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئەم مافە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا وەک مافێکی سروشتی و بێ ئەملاولا چاولێدەکا و لە بەندەکانی خۆیدا گونجاندوویەتی. شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە واژۆی کردووە و هەرچەندە لەم جاڕنامەیەدا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئەرکی سەر شانی حکومەتی وڵاتەکانی دادەنێ رێز لە بەندەکانی ئەم جاڕنامەیە بگرن و بۆ ڕەچاو کردنی ئەم بەندانە بە بەرپرسیان دەزانێ، بەڵام حکومەتی ئێران بایەخی پێ نادا و هەموو رۆژێ و بەردەوام بە پانایی وڵاتی ئێران مافی شارۆمەندانی ئەم وڵاتە و خەڵکی کوردستان پێشێل دەکا.
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە.
بەندەکانی ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی تاک لە کۆمەڵگادا بەم جۆرە دەڵێ:
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.