هانا: ئەمڕۆ شەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ – (٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، “مرێم سادقی” چالاکی کرێکاری کورد و خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، ئەمڕۆ شەممە هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەت هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "مرێم سادقی" و وێڕای پشکنینی ماڵی ناوبراو، بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و سەرەڕۆیانە ئەم شارۆمەندە کوردەیان قۆڵبەستکردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
جێگای ئاماژەیە تا ئێسا هیچ زانیارییەک لە سەر شوێنی دەستبەسەرکرانی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
شایانی باسە مرێم سادقی بووکی "دایە ئاسیە" دایکی دوو گیانبەختکردووی بزووتنەوەی کوردستانە کە لە رۆژانی رابردوودا ماڵئاوایی لە ژیان کرد. جێگای ئاماژیە بەدوای ماڵئاوایی دایە ئاسیە رێوڕەسمێکی شکۆدار بە بەشداری خەڵک بەڕێوەچوو و دوای ئەوە "عوسمان ئیسماعیلی"ش لە چالاکانی کرێکاری قۆڵبەست کرا و بەپێی دوایین زانیارییەکان ناوبراویش لە گرتووخانەی ناوەندە ئەمنییەکانی سنە دەستبەسەر کراوە.
