سنە: دەستبەسەرکرانی مامۆستا و چالاکێکی پیشەیی 

هانا: رۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠١-(٣١ی مەی ٢٠٢٢)، کۆمەڵێک لە چالاکانی پیشەیی لە سنە بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی بەندکراو و هەروەها ناڕەزایەتی بە بەندکران و پەروەندەسازی و پڕوپاگەندەی تلویزیۆنی حکومەتی ئێران و ناوەندە ئەمنییەکان دژی چالاکانی بەندکراو، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. “مەسعود فەرهیختە” پاش پێشکەش کردنی وتارێک لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراوە. 

ئەم گردبوونەوەیە ئەمڕۆ لە سنە و لە بەر دم بینای فێرکردن و پەروەردەی کوردستان بۆ ناڕەزایەتی بە درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکرانی #ئەسکەندەر_لوتفی لەلایەن قازی لقی یەکی دادگا و پەسندکرانی لەلایەن دادستانی مەریوانەوە و هەروەها بۆ ناڕەزایەتی بە بەندکرانی #شەعبان_محەممەدی و #مەسعود_نیکخا بەڕێوەچوو. 

بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، بەندکرانی مەسعود فەرهیختە و مامۆستایانی تر لەلایەن ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. لە خوارەوە بەندەکانی ٩، ١٠، ١٩ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وەک خۆی دێنین: 

بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 

بەندی ١٠ هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا. 

بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 

بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ. 

RELATED ARTICLES

Most Popular