هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دوو شارۆمەندی خەڵکی سنە بە ناوەکانی “ئاڕمان سەلیمی” و “ئومید ئەسەدی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەت لەو شارە بە هۆی بەشداری کردنیان لە رێوڕەسمی نەورۆز دەستبەسەر کراون.
"ئاڕمان سەلیمی" باوکی "ئارینا سەلیمی" ١٤ ساڵانە کە رۆژی سێشەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ لە بەندیخانە ئازاد کرا و هەر رێک دوابەدوای ئازادکرانی ناوبراو، باوکی واتە "ئارمان سەلیمی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
هەروەها "ئومید ئەسەدی" دوای بانگ کرانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
ئومید سەلیمی پێشتریش بە تۆمەتی هاوکاری حزبەکانی کوردستان دەستبەسەر و زیندانی کرابوو.
ناوبراو ساڵی ١٣٨٨ بۆ ماوەی ٤٥ رۆژ دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٢٠ میلیۆن تەمەن بۆ ماوەی کاتی ئازاد کرابوو و پاشانیش لەلایەن دادگاوە ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. جاری دوویەم ساڵی ١٣٩٧ دەستبەسەر و دوای ١٥ لە بەندی تاکەکەسیدا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تەمەن ئازاد و پاشانیش لەلایەن قازی سەعیدی لە دادگای سنە، ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
