هانا: بەپێی راپۆرتێک لەلایەن هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، رۆژی دووشەممە ٢ی رەشەممەی ١٤٠٠ – (٢١ی فێبرواری ٢٠٢٢)، دوو شارۆمەندی کورد کە هاوسەرن و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی “نۆژین”ـن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندانە "ئوسرا محەممەدنژاد" تەمەن ٣٠ ساڵ و "پەیام میری" تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "تەنگیسەر" و نیشتەجێی سنە راگەیەندراوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم دوو شارۆمەندە کوردە لە رۆژی جیهانی زمانی دایکدا کاتی بڵاوکردنەوەی ئافیش و پوستێری تایبەت بەو رۆژە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی پەسندکراو و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ کە حکومەتی ئیرانیش واژۆی کردووە، خوێندن و بەهرەمەند بوون لە زمانی دایک لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە و جگە لەوەش لە بەندی ١٥ی یاسای بنەڕەتی حکومەتی ئیسلامی ئێرانیشدا ئاماژە بە بەهرەمەند بوون لە مافی زمانی دایک کراوە. بەڵام حکومەتی ئێران پاش ٤٣ ساڵ دەسەڵات خۆی لە بەڕێوەبردنی ئەم بەندەی یاساکانی دەبوێرێ و دامودەزگای قەزایی و هێزە ئەمنییەکانی شارۆمەندانی چالاک لەم بواردا و مامۆستایانی زمانی کوردی بە تاوانی چالاکی بۆ زمانی کوردی دەستبەسەر دەکا.