سنە: دەسبەسەر کردنی سێ شارۆمەندی کورد 

هانا: رۆژی سێشەممە ٧ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢١)، سێ شارۆمەندی کوردی خەڵکی ئاوایی “تەنگیسەر” لە ناوچەی “ژاوەرۆ”ی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کران. 

ناسنامەی ئەم سێ شارۆمەندە کوردە بەم جۆرەن: 

1.    ئارام مردایان 
2.    ئەمیر رەزایی 
3.    ئارش ئەحمەدی 

بە پێی ئەو راپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتوون، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی ئەم سێ شارۆمەندەیان قۆڵبەست و بۆ شوێنێکی نادیار رەوانە کردووە. 
سەرەڕای هەوڵی بنەماڵەی ئەم شارۆمەندانە بەڵام هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە. 
جێگای ئاماژیە "ئارام مردایان" و "ئەمیر رەزایی" بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩ بانگ کرابوونە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردبوون. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لە لایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  
 

RELATED ARTICLES

Most Popular