بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە درێژەی داوا کردن و لێپرسینەوەی چالاکانی کرێکاری کوردستان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان و ئیتلاعات، “تۆفیق مەحموودی” چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە بانگ کراوەتە ناوەندی هەواڵی ئیتلاعات و چەند کاتژمێر لێپرسینەوی لێ کراوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی هەینی ٩ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٩ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، "تۆفق مەحموودی" چالاکی کریکاری سنە، بە هۆکاری نادیار بانگ کراوەتە ناوەندی هەواڵی ئیتلاعات و چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە لە رۆژانی رابردودا ٣ کەسی تر لە چالاکانی کرێکاری سنە بە ناوەکانی "موزەفەر ساڵح نیا"، "شەیس ئەمانی" و "ئاڕمین شەریفە" لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.
هەروەها رۆژی سێشەممە ٦ی گوڵان حەوت کەسی تر لە چالاکانی کرێکاری و مەدەنی بانە بە ناوەکانی: "حەسەن عیزەتی"، "نیشتمان ڕەحمەتی"، "سەعید محەممەدی"، "ڕەحمان سلێمانی(عومەر)"، "فاتێح مەجیدی"، "پەروین فەلاحی" و "ئەفشین ڕەحیمی" لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە لە بانە دەستبەسەر کرابوون.
شایانی باسە، داوا کردنی ئەم چالاکە کرێکارییانە لە بەرەبەری یەکی مەی رۆژی جیهانی کرێکاراندا وەک هەڕەشەیەکی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە بۆ سەرکوتی چالاکانی کرێکاری و ئەو کەسانەی لە رێوڕەسمەکانی رۆژی یەکی مەیدا بەشداری دەکەن. هەروەها چاوەڕوانیی ئەوەش دەکرێ ناوەندە ئەمنییەکان وەک ساڵانی رابردوو هەموو گوشار و زەبروزەنگی خۆیان بۆ بەر گرتن بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی سەربەخۆی رۆژی کرێکار بنوێنن و مەبەستیان چاوترسین کردنی چالاکانی کرێکاری و کرێکاران و خەڵکی ناڕازییە.
