بەگوێرەی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی “هەنگاو” بڵاوبۆتەوە، لە رۆژانی رابردوودا شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی ئاوایی “تەنگیسەر” لە ناوچەی “ژاوەرۆ”ی سنە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەیان لێ کردووە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "کەژاڵ نەسری" ٢٦ ساڵ تەمەن خەڵکی ئاوایی "تەنگیسەر" لە ناوچەی ژاوەرۆ راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتە، "کەژاڵ نەسری" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە. ئیدارەی ئیتلاعات وێڕای لێپرسینەوە هەڕەشەیان لێ کردووە. ناوبراو وەک بەرگدروو کار دەکا و ئیتلاعات داوای لێ کردووە لیستی ئەو کەسانەی جلی کوردییان لە قوماشی ئاڵای کوردستان و جامانە و هەوری لە لای ئەو بەدروونداوە یا داوا کردووە، رادەستی ئیتلاعات بکات.
ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە دوای دۆزینەوە و دەسبەسەر کردنی ئەو ژنانەدا دەگەڕێ کە لە رێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵدا ئەم جۆرە جلە کوردییانەیان لەبەر کردووە. ئێستا بۆ دیتنەوەیان لە رێگای گوشار خستنەسەر بەرگدرووەکان یا تەماع وەبەرنانیان دەیانەوێ پلانەکەیان بەرنەسەر و ئەو شارۆمەندە کوردانە بدۆزنەوە.
ئازادی هەڵبژاردنی جۆر و رەنگی جلوبەرگ، مافی فەرهەنگی و کولتووری، مافی بەڕیوەبردن و بەشداری لە بۆنە و جێژنە نەتەوەی، مێژوویی و کولتوورییەکان، بە پێی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و ئەم کردەوەیەی ئیدارەی ئیتلاعات پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤە.