هانا: رۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٢٦ی مەی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لەلایەن ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکانی سنەوە بانگ کرا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "مزەفەر ساڵح نیا" راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، ئەم شارۆمەندە کوردە ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەری یەکێتی ئازادی کرێکارانی ئێران بووە کە لە رێگای پێوەندییەکی تەلەفونییەوە لەلایەن ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکانی سنەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
جێگای ئاماژەیە ئەم شارۆمەندە کوردە هەڕەشەی لێ کراوە کە لە ئەگەری بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدا، بە توندی بەرەوڕووی دەبنەوە.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە بەندەکانی ٣ و ١٩ و خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٠ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە) سەبارەت بە ئازادی و مافەکانی تاک بۆ پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە بکەین کە بەم جۆرە دەڵێن:
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠ خاڵی یەکەم: "هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانەدا ئازاد بێ".
پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و بایەخ نەدان بە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێران و دامودەزگای ئەمنییەتی و قەزایی ئەم حکومەتەوە بووەتە کردەوەی رۆژانەی حکومەت و بەڕێوەبەرانی یاسا.