سنە: ئازادکرانی پێنج کەس لە دەستبەسەرکراوانی رێوڕەسمی نەورۆز بە دانانی بارمتەی زۆر 

هانا: هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە راپۆرتێکدا ئاگاداریان کردین، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (٧ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، پێنج کەس لە بەشداربووانی رێوڕەسمی نەورۆزی سنە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بۆ ماوەیەکی کاتی بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کراون. 

بەپێی ئەم راپۆرتە هەرکام لەم شارۆمەندانە "ئاڕمان سەلیمی بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەن، سامان میرەکی بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەن، پارسا بەهرامی تمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەن، ئومید ئەسەدی بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەن و ئومید شێخی بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەن تا کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوە و دادگایی کردنیان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کراون. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە راپۆرتەکانی رۆژانی رابردوودا رایگەیاندبوو ئەم شارۆمەندانە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کراون و لە مافی بوونی پارێزەریش بێبەش بوون و هەروها لە گرتووخانەی "شەهرامفەر"ی سەر بە ئیتلاعاتی سپا لە سنە ئەشکەنجە و ئازاری زۆر دراون. ئەمڕۆش لەوگەڵ ئەوەیدا ئەو راپۆرتانە پشتڕاست دەکرێنەوە، دوای ئازاد بوونیان دەرکەوتووە مەئموورانی حکومەت لە بەندیخانە وەک سووکایەتی پێ کردن سەری ئەم شارۆمەندە بەندکراوانەیان تاشیوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular