هانا: لە رۆژانی رابردوودا شەش کەس لە شارۆمەندانی کورد کە لە مانگەکانی رابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و دەسبەسەر کرابوون، لە بەندیخانەی سنە هەر کامەی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەن ئازاد کراون.
رۆژی پێنجشەممە ٤ی خرمانانی ١٤٠٠ – (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی "نژاد عەزیزی" تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "شیان" لە ناوچەی سنە بە دانانی بارمتە بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد کراوە.
هەروەها رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی خرمانانی ١٤٠٠ بەرامبەر بە ٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١، شارۆمەندێکی دیکەی خەڵکی ئاوایی "شیان" لە ناوچەی سنە بە ناوی "بێهزاد محەممەدی" بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
شایانی باسە ئەم دوو شارۆمەندە رۆژی ١٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئاوایی "شیان" دەسبەسەر و بۆ گرترووخانەی سنە گوازرابوونەوە.
هەر لە رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی خرماناندا ٤ شارۆمەندی تری خەڵکی ئاوایی "نییەر" لە ناوچەی سنە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون. ناسنامەی ئەم شارۆمەندانە بریتییە لە:
١ شێرکۆ مینبەری
٢ کاوە مینبەری
٣ پەیام مینبەری
٤ سەریاد مینبەری
شایانی باسە ئەو چوار شارۆمەندە لە رۆژانی ٩ و ١١ی گوڵانی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە گوێزرابوونەوە و دواتر رەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە.
جێگای ئاماژەیە ئەم شارۆمەندانە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە مافی پارێزەر و مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان بێبەش بوون. ئەوە لە حاڵێکدایە کە حکومەتی ئیسلامی ئێران جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان لەلایەن دەزگای داد و قەزایی و بەڕێوەبەرانی یاساوە شتێکی ئاساییە.
بەندی ١٠ هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
