هانا: رۆژی شەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (٩ی ژولای ٢٠٢٢)، دوو شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی سەعید رەشیدی و کەریم پزیشکی خەڵکی ئاوایی “نێ” لە ناوچەی بانە، پاش زیاتر لە ٨ مانگ بەندکران هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی هاتنی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە پەروەندە و پەڕاوەکەیان لە بەندیخانەی سنە ئازاد کراون.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە ئەم دوو هاووڵاتییە رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەڵاڕیزانی ١٤٠٠ – (١١ی نوامبری ٢٠٢١)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە لە بانە قۆلبەست و بۆ لێپرسینەوە رەوانەی گرتووخانەی ئەمنییەتی سنە کرابوون. دواتر لە رۆژی دووشەممە ٢٥ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (١٤ی فێبرواری ٢٠٢٢) پاش کۆتایی هاتنی لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئەمنییەتی سنە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرابوونەوە.
شایانی باسە دەستبەسەرکرانی سەعید رەشیدی و کەریم پزیشکی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی و هاوکات بە زەبروزەنگ و لێدان و ئازارەوە بووە و لەگەڵ ئەوەیدا ماڵەکەیان پشکنیون، بڕێک کەلوپەلیان وەک لەپ تاپ، کامێرای وێنەگری، موبایل و کۆمەڵێک کتێبیان لێ زەوت کردبوون و لەگەڵ خۆیان بردبوویان.
جێگای ئاماژەیە ئەم دوو شارۆمەندە لە ماوەی بەندکرانیاندا لە مافی بوونی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بەهرەمەند نەبوون و بێبەشیان کردوون.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە، پاش زیاتر لە ٨ مانگ بەندکران هێشتا هۆکاری گرتن و تۆمەتگەلێک کە دراوەتە پاڵ کەریم پزیشکی و سەعید رەشیدی نادیارە و زانیارییەک لەم بارەوە لەبەردەستدا نییە.
