سنه: دەستبەسەرکرانی ۵ شارۆمەند لە ڕێورەسمی نەورۆز

هانا: رۆژی دووشەممە ۱ی خاکەلێوەی ۱۴۰۱ – (۲۱ی مارسی٢٠٢٢) پێنج شارۆمەندی خەڵکی سنە بە هۆی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز لە سەیرانگای مناڵان (کودک)ی ئەم شارە لە لایان هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیران دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزران. 

بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا ناسنامەی ئەم شارۆمەندانە بەم جۆرەیە: "فواد عەنایەتی"، "ئارینا سەلیمی" تەمەن ١٤ ساڵ، "دایە بەتوول ئەعزەمی" تەمەن ۷۵ساڵ، "جەماڵ ئەسەدی" تەمەن ۶۵ساڵ و "سۆهراب جەلالی" تەمەن۶۰ ساڵ. 
جەماڵ ئەسەدی و سۆهراب جەماڵی لە چالاکانی بزووتنەوەی "نا بۆ سێدارە" هەروەها چالاکانی مەدەنی و ژینگە، بەر لە دەسپێکی رێوڕەسمی نەورۆز بە مەبەستی پێش گرتن لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە و پێکهێنانی کەشی ترس و سام لە ناو خەڵک و بەشدارانی رێوڕەسمی نەورۆزی سنە، دەستبەسەر کرابوون. سێ شارۆمەندەکەی تریش لە کاتی رێوڕەسمەکەدا قۆڵبەست کرابوون. 

فوادعەنایەتی کە پێشتر، پێشینەی دەستبەسەرکرانی بە تومەتی هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بووە ماوەیەک لەوە پێش لە لایەن توندڕەوە سەلەفییەکانەوە هەرەشەی لێ کرابوو.
 

RELATED ARTICLES

Most Popular