سلێمانی: تیرۆری چالاکێکی سیاسی خەڵکی سنە 

هانا: چالاکێکی سیاسی کە وەک پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژیا، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تیرۆر کرا. 

بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتوون، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (١٤ی ژولای ٢٠٢١)، چالاکێکی سیاسی خەڵکی سنە بە ناوی "بێهرووز رەحیمی" ناسراو بە "رێبین" تەمەن ٤٩ ساڵ لە شوێنی کارەکەی خۆی لە گەڕەکی "ژاڵە"ی سلێمانی لەلایەن چەند کەسی نەناسراوەوە تەقەی لێ کراوە و گیانی لەدەستداوە. ناوبراو کێشکی ئەنبارێک بووە و لەلایەن ئەو کەسانەوە کە بە ماشێنێک بەوێدا هاتوون لە پشتەوە تەقەی لێ کراوە و دواتر بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە بەڵام بە هۆی کاری بوونی برینەکانی گیانی لەدەستداوە. 

بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، بێهرووز رەحیمی ئەندامی لایەنێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە و لە ١٠ ساڵ لەوە پێشەوە وەک پەنابەری سیاسی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانە. 

تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە، ناوەندە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەم بارەوە هێچ لێدوانێکیان نەداوە بەڕێوەبەرانی ئەم تیرۆرە نەناسراون. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular