سایینقەڵا: دەستبەسەر کردنی خوێندکارێکی کورد لەلایەن ئیتلاعاتەوە 

هانا: رۆژی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠- (٤ی ژولای ٢٠٢١)، خوێندکارێکی زانستگا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "ئومید وەلیزادە" خەڵکی ئاوایی "حەسەنلوو" دانیشتووی سایینقەڵا راگەیەندراوە. 
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. 
تا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هیچ زانیارییەکی لە سەر چارەنووسی ئەم شارۆمەندە کوردە پێ نەگەیشتووە. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  
لە خوارەوە و لەم پێوەندیەدا بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دەنووسینەوە. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 

هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی ئاشکرای بێ لایەن و دادپەروەر لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular