بەپێی راپۆرتی هاوکارانی “هانا” کرێکارێکی خەڵکی سەقز لە کاتی هەڵواسینی بەنەر و ئافیشی تەبلیغاتی لە ساحێو سەر بە سەقز برق گرتوویە و لە ئاکامدا بە خەستی بریندار بووە.
ئەم کرێکارە تەمەنی ٤٥ ساڵە و بە هۆی ئەوەی لە کاتی کار کردندا برقی گرتوویە سووتاوە و دواتر رەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراوە.
هەلومەرجی ئێستای ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە بۆ کرێکاران زۆر خراپە و وڵاتی ئێران لەمبارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢ دایە. لەوەش خراپتر ئەوەیە کرێکاران ئەگەر بەم بارودۆخە یا بە کەمبوونی هەقدەستەکانیان ناڕازی بن یا لە سەر کار دەردەکرێن یا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تۆمەتێکیان دەدرێتە پاڵ و لە کوردستانیش هەمیشە تۆمەتەکە سیاسییە و بە هاوکاری حزبە سیاسییەکان تۆمبار دەکرێن. ئەمەش پێشێل کردنی ئاشکرای مافی کرێکاران و مافەکانی مرۆڤە و لەگەڵ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ناتەبایە کە حکومەتی ئێران خۆی دەنگی پێداوە.
