هاوکارانی هانا لە رەوانسەرەوە ئاگاداریان کردین رۆژی هەینی ٢ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٢٤ی سپتەمبری ٢٠٢١)، تەرمی شارۆمەندێکی ژن لە بن پردێکی نزیک ئاوایی “کڵاو” لە رێگای نێوان رەوانسەر ـ کامێران دۆزراوەتەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە ناسنامەی ئەم شارۆمەندە "مەرزیە حاسڵی" تەمەن ٣٧ ساڵ، خەڵکی رەوانسەر و خێزاندار راگەیەندراوە.
بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، ناوبراو لە ماڵەکەی چووەتەدەر و لەلایەن کەسانێکەوە رفێندراوە و بەم جۆرە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، مەرزیە حاسڵی دەکوژن و دوای دزینی زێڕەکانی، تەرمەکەی لە بن پردێک لە نزیک ئاوایی "کڵاوە" لە نێوان رەوانسەر ـ کامێران فڕێ دەدەن. لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، پۆلیس لەمبارەوە هاوسەری ناوبراو و چەند کەسی دیکەی دەستبەسەر کردووە.
هەروەها لە راپۆرتێکی دیکە کە هاوکارانی هانا بۆیان رەوانە کردووین، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە ٣ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٢٥ی سپتەمبری ٢٠٢١)، تەرمی بێ گیانی ژنێک لە ماڵەکەی خۆی دۆزراوەتەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە ناسنامەی ئەم شارۆمەندە "دەوڵەت ئەحمەدی" تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی رەوانسەر راگەیەندراوە. لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە، مەرگی ئەم شارۆمەندە لەلایەن پزیشکی دادەوە بە خۆکوژی تۆمار کراوە. ئەوە لە حاڵێکدایە هاوسەری "دەوڵەت ئەحمەدی" لە بەری بەیانی رۆژی شەممەوە هەڵاتووە و خۆی شاردۆتەوە.
جیگای ئاماژەیە ئەم دوو قەتڵە لە ماوەی دوو رۆژدا و بەدوای یەکدا و لە یەک شار روویانداوە. جگە لەمانە چەندین رووداوی دیکەی کوشتنی ژنان لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە کە بەشێکیان سەرچاوەکەی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ گیروگرفتی دارایی و هەژاری و کەسانی نەناسراو ژنان دەڕفێنن و دوای دزینی زێڕ و داراییەکانیان دەیانکوژن.
هەژاری، نەداری و بێکاری لە گرفتە سەرەکییەکانی کۆمەڵی کوردەوارین کە خەڵکی تووشی رەنج و ئازاری زۆر کردووە و بووەتە هۆی بەرز بوونەوە رادەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و رووداوی دڵتەزێن و تاڵی قەتڵ و دزی.
