هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە راپۆرتێکدا ئاگاداریان کردین، کرێکارێک لە رەبەت بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانی لەدەستداوە و دوو کرێکاری دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەم راپۆرتە رۆژی هەینی ٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ – (٢٤ی دیسەمبری ٢٠٢١)، سێ کرێکار بە هۆی تەقینەوەی بتڵی گاز بریندار بوون. بەداخەوە یەکێک لەو کرێکارانە رۆژی سێشەممە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ – (٢٨ی دیسەمبری ٢٠٢١)، بە هۆی کاریی بوونی برینی سووتاوی لەشی گیانی لەدەستداوە.
هاوکارانی هانا رایانگەیاندووە، ناسنامەی ئەو شارۆمەندەی گیانی لەدەستداوە "کامیل شێخی" خەڵکی بۆکان و دانیشتووی رەبەت بووە. ناوبراو خێزاندارە و باوکی کچێک و کوڕێک بووە.
شایانی باسە کامیل شێخی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی رەبەت بووە.
پێڕانەگەیشتن و گوێنەدانی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و ئەمنییەتی شوێنی کاردا، لەولاشەوە کەمتەرخەمی خاوەنکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کارە و ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکار لە ساڵدا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یا بریندار بن. هەر بۆیە وڵاتی ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە و بووەتە وڵاتێکی زۆر نائەمن بۆ کرێکاران.
