هانا: رۆژی سێشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (٢٠ی ئاوریلی ٢٠٢١)، کرێکارانی دەکراوی پیترشیمی ئیلام لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا لە بەر بینای پارێزگاریی ئەو شارە کۆبوونەوە و سفرەی خاڵییان راخست.
ئەم کرێکارانە لە بەرەبەری ساڵی نوێدا لە سەر کارەکەیان دەرکران و لەو دەمەوە تا ئێستا بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی خۆیان لە شوێنە پێوەندیدارەکان کۆدەبنەوە و ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر لە راپۆرتێکدا هەواڵی ناڕەزایەتی ئەو کرێکارانەی بڵاوکردبۆوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، کرێکارانی دەرکراوی پیترۆشیمی و پاڵاوگەی گازی ئیلام بە بیانووی ئەوەی چی دیکە پێویستیان بە کاری ئەوان نەماوە، بە بێ دانی هەقدەستە نەدراوەکانیان لە کار دەرکراون. سەرەڕای پێوشوێن گرتن و سەردانی ئورگان و ناوەندە پێوەندیدارەکان لەلایەن کرێکارانەوە و شکایەت لە خاوەنکاران و بەرپرسانی پاڵاوگە، تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە و کەس بە هاواریانەوە نەچووە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەمنییەتی شوێنکی کار لە ئێران لەوپەڕی خراپی خۆیدایە و وڵاتی ئێران لە بارەی ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە کە پلەیەکی زۆر نزمە.