بە پێی ئەو هەواڵەی بە ناوەندی تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران گەیشتوە، لە درێژەی دەست بەسەر کردن و ڕفاندنی هاووڵاتیانی کورد، ئەم جارە مامۆستایێك و ڕۆژنامەوانێك دەست بە سەر و زیندانی کراون!
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەڵسووڕاوێکی مەدەنی و ڕۆژنامەوانێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی پێشەوا ساڵحزادە لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەست بەسەر و بۆ بەندیخانەیێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
ناوبراو سەرنووسەری ڕۆژنامەی شارنیۆز بووە و پێشتر لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی بە تاوانی ئەندامییەت لە ڕێکخراوێکی کوردی بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامی دەست بەسەر و پاشان ئازاد کرابوو.
هەر لە درێژەی ئەو ڕەشبگیرەدا، ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندان ١٣٩٩ی هەتاوی مامۆستایێکی خەڵکی شاری مەهاباد دەست بەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
ناسنامەی ئەو مامۆستایەی شاری مەهاباد سیاوەش عەینی ڕاگەیندراوە.
شایانی باسە مامی ناوبراویش بە ناوی ساکار عەینی، لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباردا دەست بەسەر کراوە.
بە پێی ئاماری ناوەندی تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران، لە نێوەڕاستی مانگی ژانوویەی ئەمساڵەوە تا ێستا ١٢٦ هاووڵاتی کورد لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کوردستانی ئێرانەوە دەست بەسەر و بۆ زیندانە ئەمنیەکان ڕاگوێزراون.