دەستێکەڵکردنی ناوەندە ئەمنییەکان و سەلەفییەکان بۆ دەرکردنی “سامان شێرگە” لە زێدی خۆی 

هانا: “سامان شێرگە” چالاکی ئەدەبی و شاعیر تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی رەبەت بە هۆی هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان و گوروپە توندئاژۆ سەلەفییەکان، بە ناچار زێد خۆی بەجێهێشت. 

ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ "رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا" رایگەیاند: "پێشووتر بە هۆی شیعرەکانم لەلایەن گوروپە سەلەفییەکانەوە هەرەشە و هێرشم بۆ کرابوو و سەرەڕای بەدواداچوونی زۆر و بەردەوامم بەڵام ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرت. دواتر بەم ئاکامە گەیشتم هۆکاری لێنەپرسینەوەی ناوەندە ئەمنییەکان شیعرەکانمە کە نەتەوەیی و رەخنەگرانەن و ئەوەش چرا سەوز و رێگە شل کردن بوو بۆ گوروپە سەلەفییەکان و تەنانەت پێشنوێژی رۆژەکانی هەینی رەبەت دارێژەری ئەو گوشارانە بوو بۆ سەر من. "

سامان شێرگە لە درێژەدا وتی: "لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار دایکم و هاوسەرەکەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپاوە کەوتوونە ژێر چاوەدێری و لێپرسینەوە و لەم بارەوە نیگەرانم و دڵبەدوای ئەوانم". 

شایانی باسە، رێکەوتی ٩ گوڵانی ١٤٠١ – (٢٩ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بۆ یەکەم جار هێرشی گوروپە سەلەفییەکانی بۆ سەر ماڵی سامان شێرگە بڵاوکردەوە و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا دەستی هاوسەری سامان شێرگە بریندار ببوو و ماڵەکەشیان زەرەر و زیانی زۆری وێ کەوتبوو. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular