هانا: رۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٢١ی ژوئەنی ٢٠٢١)، “لوقمان عەزیزی” بەندکراوی سیاسی پێشوو خەڵکی شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە.
ئەم شارۆمەندە کوردە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هۆکاری نادیار دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
"لوقمان عەزیزی" پێشتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ "حدکا" دەستبەسەر و پێنج ساڵ زیندان و ٨ ساڵیش بەندکرانی هەڵپەسێراوی بەسەردا سەپابوو.
ئازادی دەربڕینی بیروباوەڕ یا ئەندامەتی و لایەنگری لە حزب و رێکخراوی سیاسی و مەدەنی لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگای ئازاد و دێموکڕاتدا و هەروەها جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئەم مافە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا وەک مافێکی سروشتی و بێ ئەملاولا چاولێدەکا و لە بەندەکانی خۆیدا گونجاندوویەتی. شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە واژۆی کردووە و هەرچەندە لەم جاڕنامەیەدا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئەرکی سەر شانی حکومەتی وڵاتەکانی دادەنێ رێز لە بەندەکانی ئەم جاڕنامەیە بگرن و بۆ ڕەچاو کردنی ئەم بەندانە بە بەرپرسیان دەزانێ، بەڵام حکومەتی ئێران بایەخی پێ نادا و هەموو رۆژێ و بەردەوام بە پانایی وڵاتی ئێران مافی شارۆمەندانی ئەم وڵاتە و خەڵکی کوردستان پێشێل دەکا.
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی ئاشکرای بێ لایەن و دادپەروەر لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە.