هانا: بەپێی ئەو راپۆرتانەی بڵاوبوونەوە، سێ شارۆمەندی کورد خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوەکانی “ئەرکان بەهرامی”، “خەلیل رەمەزانی” و “خالید میرزایی” لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
شایانی باسە ناوەندە ئەمنییەکان بە بێ هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی ئەم سێ شارۆمەندەیان دەستبەسەر کردووە و بە مەبەستی لێپرسینەوە رەوانەی یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی کرماشانیان کردوون. خەلیل رەمەزانی دوای دوو رۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.
لە راپۆرتی هەواڵنێری "کوردپا"دا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان ئەم ٣ شارۆمەندەیان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە فەزای مەجازی" راگەیاندووە.
لە راپۆرتێکی تردا بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا راگەیەندراوە، رۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٢٧ی ژولای ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی دیکە بە ناسنامەی "سەلام کوردە" خەڵکی پیرانشار دەستبەسەر کراوە و بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی "یەزد" گوازراوەتەوە.
هەروەها رێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٢٥ی ژولای ٢٠٢١)، دوو شارۆمەندی دیکە لە بۆکان بە ناوەکانی "ئەبووبەکر مەلەکی" و "کەماڵ عەباسیوەند" لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئەم دوو شارۆمەندە لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.
