هانا: رۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، دوو شارۆمەندی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە بریتن لە "زاهیر پەسوپیش" خەڵکی ئاوایی "چیانە" لە ناوچەی پیرانشار و "واحید عەلینژاد" خەڵکی شنۆ.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی هاتوون "واحید عەلینژاد" زیندانی سیاسی بووە و دوای دەستبەسەر کردنی رەوانەی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە و "زاهیر پەسوپیش" لە رێگای پێوەندییەکی تەلەفونییەوە بانگ کراوەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردنی ناوبراو بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
لێرەدا بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە)، سەبارەت بە ئازادی بەیان و ماف و ئازادییە دێموکرتیکەکان لە کۆمەڵگادا، لە خوارەوە دێنین.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.