هانا: بەپێی ئەو هەواڵانەی بۆ هانا هاتوون، سەربازێکی خەڵکی “مەرەند” بە ناوی “میر ئەکبەر حسێنی” بە هۆی بەرهەڵست بوونەوەی یەکێک لە مەلاکانی “عەقیدەتی سیاسی” کە تۆمەت و دەنگۆی خستبووە پاڵ کۆمەڵە، لە رێکەوتی ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٠ دا دەستبەسەر کراوە و کەوتووەتە بەر ئازار و ئەشکەنجەی زۆرەوە.
لەم راپۆرتەدا هاتووە، ئەم سەربازە لە پادگانی "عەجەب شێر" سەرباز بووە و لە وانەیەکی "عەقیدەتی سیاسی" لە کاتێکدا یەکێک لە مەلاکان تۆمەتی خستووتە پاڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان ئێران، ناڕەزایەتی دەربڕیوە و بە مەلاکەی وتووە:
ئەو تۆمەتانەی تۆ دەیدەیە پاڵ کۆمەڵە ٤٢ ساڵە خۆتان خەریکن ئەنجامی دەدەن و بە کردەوە بەڕێوەیدەبەن. ئەو تۆمەتانەی دەیدەیە پاڵ کۆمەڵە هەمووی درۆ و بێ مانایە.
سەرچاوەی ئەم هەواڵە لە درێژەدا راگەیاند، هۆکاری بێدەنگی و بڵاونەکردنەوەی ئەم هەواڵە دەگەڕێتەوە بۆ نهێنی راگرتنی رووداوەکە و کەشی ئەمنییەتی زاڵ بە سەر پادگاندا و هەروەها کۆنتڕۆڵی ئەم جۆرە هەواڵانە.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، "میر ئەکبەر حسێنی" ١٠ رۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا لە بەندیخانەی عەجەب شێر دەستبەسەر کراوە.