هانا: دەستبەسەرکرانی شارۆمەندانی کورد لە شار و ناوچەکانی کوردستان لەلایەن ناوەند ئەمنی و هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە درێژەی هەیە. بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی بۆ هانا هاتوون، لە چەند رۆژی رابردوودا ٤ شارۆمەندی تر دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون، رۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە "سولەیمان گوڵی" خەڵکی ئاوایی "علیاوا" لە ناوچەی دیواندەرە راگەیەندراوە.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی هاتوون، هێزەکانی ئیتلاعات کاتژمێر ٢ی دوای نیوە شەو لە دیواری حەوشەی ماڵی ئەم شارۆمەندەوە دەچنە سەر و دوای شکاندی دەرگا خۆیان بە ژوورێدا دەکەن و بە بێ بڕیاری دادگا و هیچ بەڵگەیەکی یاسایی "سولەیمان گوڵی" قۆڵبەست و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ ئیتلاعاتی دیواندەرە.
دەوترێ ئەم شارۆمەندە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردستانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە.
هەروەها سەرچاوەکانی هەواڵ رایانگەیاند، رۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران ٣ شارۆمەندی دیکەیان دەستبەسەر کردووە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندانە، ١- عەبدوڵڕەحمان قادری ٢- ئەرسەلان پوورمحەممەد ٣- مزەفەر ئەحمەدی خەڵکی ئاوایی "گرگۆلی سەرێ" لە ناوچەی پیرانشار راگەیەندراوە.
بەپێی راپۆرتەکان، ئەم شارۆمەندانەش بە بێ بڕیاری دادگا و هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بە شوێنێکی نادیار گوازراونەوە. شایانی باسە "مزەفەر ئەحمەدی" دوای لێپێچیەنەوە ئازاد کراوە.
تا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم شارۆمەندانە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.