هانا؛ ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خرمانانی ١٤٠٠ – (١ی سێپتەمبری ٢٠٢١) دوو چالاکی بواری میدیا و راگەیاندن کورد لە سەردەشت لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەردەشت "محەممەدی مەمەندزادە" ڕۆژنامەنوس و چالاکی ژینگەپارێزیان بۆ ناوەندی پۆلیسی فەتای سەردەشت بانگ کرد و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرد.
هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو بڵاوکردنەوەی هەواڵ لە ڕێگەی کاناڵی تێلێگرامی "بژوێن" لە بارەی نەبوونی ئاو و پڕۆژەی گەیاندنی ئاوی رووباری زێی بچووک بە گۆلی ورمێ، راگەیەندراوە و دوای لێکۆڵینەوە ناوبراویان دوای نووسێنی بەڵێننامە ئازاد کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەنوسێک بە ناوی "ئەبووبەکر ئیسماعیلی" لە لایەن پۆلیسی فەتای سەردەشتەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و ئەویش هەر بە هەمان شێوە، دوای نووسێنی بەڵێننامە ئازاد کراوە.
ئەبووبەکر ئیسماعیلی بەرپرسی کاناڵی تێلێگرامی "ڕەبەت نیوز" بووە و بۆ ماوەی چەن کاتژمێر لێکۆڵینەوەی لێکراوە.