هانا: لە رۆژانی دواییدا لە شارەکانی کوردستان وێڕای شارەکانی تری ئێران و جیهان، سەرەڕای دۆخی زاڵی ئەمنییەتی، بە بۆنەی ١ی مەی رۆژی جیهانی کرێکار رێوڕەسم و کۆڕ و کۆبوونەوە بەڕێوەچوو.
هەڵسووڕاوانی کرێکاریی لە رۆژی ٢٨ی ئاوریلەوە تا ئەمڕۆ ١ی مەی، لە شارەکانی کرماشان، کامێران، سنە، سەقز، سەوڵاوا، مەریوان و بانە چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوەی کرێکارییان بەڕێوەبردووە.
بە پێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١١ی گوڵانی ١٤٠٠ بەرامبەر بە ١ی مەی ٢٠٢١، دوو چالاکی کرێکاریی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە دەسبەسەر کراون.
ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە "هوشەنگ کەریمی" و "شەیس ئەمانی" راگەیەندراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان کاتی کۆبوونەوەی چالاکانی کرێکاریی سنە لە شارۆچکەی پیشەسازی ژمارە ٢ قۆڵبەستیان کردوون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژمارەیەک لە کرێکاران کە بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی رۆژی جیهانی کرێکار لەو شوێنە گرد ببوونەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر و کەوتوونە بەر شاڵاوی لێدان و ئەشکەنجە.
ئەم دوو چالاکە کرێکارییە دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار گوێزراونەوە و هەروەها هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.
خاڵی یەکەم لە ماددەی ٢٠ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە سەبارەت بە مافی تاک بۆ پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە بەم جۆرە دەڵێ:
ماددەی ٢٠ خاڵی یەکەم: "هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانەدا ئازاد بێ".
پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و بایەخ نەدان بە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێران و دامودەزگای ئەمنییەتی و قەزایی ئەم حکومەتەوە بووەتە کردەوەی رۆژانەی حکومەت و بەڕێوەبەرانی یاسا.