دەرچوونی سزای زیندان بۆ پارێزەرێک بە تۆمەتی چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران 

هانا: “جەواد عەلیکوردی” پارێزەری دەزگای داد و قەزایی و مامۆستای زانستگا و ئەندامی پێشووی شووڕای شاری سەبزەوار، بە هۆی چالاکی لە فەزای مەجازی سزای بەندکرانی بۆ بڕاوەتەوە. جەواد عەلیکوردی کە رێکەوتی ٣ی گوڵانی ١٣٩٩ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەدەوە دەستبەسەر کرابوو و پێی راگەیەندرابوو بە تۆمەتی “پێکهێنان و بەڕێوەبردنی گوروپی تێلێگرامی (هیوا، وشیاری و ئازادی) بە مەبەستی رووخانی حکومەتی ئیسلامی” و “چالاکی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئیران” گیراوە و بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ لە ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی ئیتلاعاتی مەشهەد دەستبەسەر کرابوو. 

دوای راگەیاندنی تۆمەتەکان، پەڕاوی جەواد عەلیکوردی لەلایەن بەرپرسی لێپرسینەوەی لقی ٩٠٣ی دادگای شۆڕش، بە بڕیاری قازی مەنسووری بەپرسی لقی چواری دادگای شۆڕشی مەشهەد، ئەم بڕیارانە دران: 
١ – شەش ساڵ و شەش مانگ بەندکران بە تۆمەتی پێکهێنان و بەڕێوەبردنی گوروپی تێلێگرامی بە مەبەستی رووخانی حکومەتی ئیسلامی وەک دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گوڕوپی هیوا، وشیاری و ئازادی. 
٢ – هەشت مانگ بەندکران بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئیران. 
٣ – ساڵێک و پێنج مانگ بەندکران بە تۆمەتی سووکایەتی بە رێبەر. 

هەروەها بە مەبەستی تەکمیل بوونی سزاکە ئەم بڕیارانەش دەرکران: 

١ – دوو ساڵ زەوت کرانی مافی کار و هەر جۆرە چالاکییەک و وانە وتنەوە لە شوێنەکانی فێرکاری و زانستگا. 
٢ – قەدەغەکرانی دوو  ساڵ گەشت و سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات. 
٣ – قەدەغەکرانی دوو ساڵ ئەندامەتی لە حزب و رێکخراو و گوروپی سیاسی و کۆمەڵایەتی. 

ناوبراو دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی و راگەیاندنی بە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای خوراسانی رەزەوی، لقی ٣٧ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای خوراسانی رەزەوی وێڕای رەتکردنەوەی داواکەی، تەنیا سزای شەش ساڵ و شەش مانگ بەندکرانەکەی بۆ دوو ساڵ بەندکران داشکاند و باقی سزاکانی وەک خۆی مانەوە.  
 

RELATED ARTICLES

Most Popular