هانا: رۆژی هەینی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (١٥ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، دادسەرای گشتی و “ئینقلاب”ی یەزد بڕیاری کۆتایی خۆی لە سەر “پەردیس رەبیعی” چالاکی خوێندکاری و چالاکی بواری مافەکانی ژنان دەرکرد.
بەپێی ئەم راپۆرتە "پەردیس رەبیعی" تۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە بە مەبەستی ئاژاوەگێڕی و هاندانی رای گشتی درابووە پاڵ و رۆژی هەینی ٢٦ی خاکەلێوە لە لقی یازدەی دادسەرای گشتی و "ئینقلاب"ی یەزد لەلایەن قازی "بێهرووز زارع بەیگی"یەوە بڕیار درا لێکۆڵینەوە و پێوشوێنکەوتنی لە سەر نەمێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دادگا نووسرواوەکانی ناوبراو بۆ پارێزگاری لە مافەکانی ژنان و چالاکی لەم بوارەدا وەدرۆ خستووەتەوە.
پەردیس رەبیعی تەمەن ٢٣ ساڵ و خویندکاری بواری "ژێنتیک" لە زانستگای خارەزمی تاران و دانیشتووی یەزدە. ناوبراو چالاکی خوێندکارییە و هەروەها لە بواری پارێزگاری لە مافەکانی ژنانیشدا چالاک بووە. ئەم شارۆمەندە کوردە لە ساڵانی رابردوودا خەریکی کۆکردنەوە و تۆماری ناو وچیرۆکی ئەو ژنانە بووە کە بوونە قوربانی نەریت، شەرع و نامووس.
شایانی باسە، پەردیس رەبیعی رێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە و بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە دەستبەسەر و پاش ٩ رۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
