هاوکارانی هانا لە دیواندەرەوە رایانگەیاند، رۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٢٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد خەڵکی دیواندەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "دلێر شامحەممەدی" تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "دەڕەئەسب"ی دیواندەرە راگەیەندراوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی هێشتا هیچ زانیارییەک لە سەر شوێن و هۆکاری دەستبەسەر کردنی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
شایانی باسە پێشووتر "دلێر شامحەممەدی" بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئێران دەستبەسەر کرابوو.
لەم پێوەندییەدا پێویستە ئاماژە بە بەندکانی ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بکەین کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە بەڵام بە بەردەوامی پێشێلی دەکا.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
