هانا: رۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "تورەج حەبیبی" خەڵکی دیواندەرە راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی هاتوون، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بێ هیچ حوکم و بەڵگەیەکی یاسایی "تورەج حەبیبی"یان قۆڵبەست کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.
جێگای ئاماژەیە تا ئێستا هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم شارۆمەندە کوردە بۆ ئاگادار بوون لە بارودۆخ و چارەنووسی ناوبراو هیچ ئاکامێکی نەبووە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.
بەندی ٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لەم پێوەندییەدا بەمجۆرە دەدوێ کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.