هانا: شارۆمەندێک لە دیواندەرەوە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۱۲ی گەلاوێژی ۱٤۰۰- ( ۳ی ئاگۆستی ۲۰۲۱) لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا باسی لەوە کرد؛ لە ماوەی ساڵانی دواییدا کانە بەرد و سەرچاوەی سرووشتی زۆر لە ۱۰ کیلۆمتری شاری دیواندەرەوە تا کێوی چلچەمە دۆزراونەوە و دەریاندێنن و رایاندەگوێزن.
هەروەها لە درێژەدا وتی، هێندێک لە زەوییەکانی خەڵک بە مەبەستی دەرهێنانی کانەکان لە لایەن کەسانی سەر بە حکومەتەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، هەروەها کەڵک وەرگرتن و دەرهێنانی ئەم کانە سرووشتییانە زەرەر و زیانی قەرەبوو نەکراوەی بە ژینگەی ئەم ناوچەیە گەیاندووە و جگە لەوە هاتووچۆی ماشێنە گەورە بارهەڵگەرەکان و کاری دەزگاکانی بەردبڕین بووە بە کێشەیەکی سەرەکی بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە و پیس بوونی هەوا و وێران بوونی ژینگە جوانەکەی.
لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا باسی لەوە کرد، دوای ئەوەی کە خەڵکی ناوچەکە کاردانەوەیان نیشانداوە و چەند جار کەسانی پێوەندیداریان لە زەرەر و زیانەکان ئاگادار کردۆتەوە و هیچ بایەخێکیان پێ نەدراوە، خەڵکی ئەو ناوچەیە دەستیان داوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتی. کەچی ناوەندە پێوندیدارەکانی حکومەت لەباتی ئەوەی وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی خەڵکی ناڕەزای بن، لەلایەن دادگاوە سزای قورسی زیندانیان بە سەر "٣٠" کەس لەم شارۆمەندانەدا سەپاندووە کە پێک هاتبوون لە کچان و کوڕان، ژنان و پیاوان و بەساڵاچووان.
وێڕای ئەوەی کە سەپاندنی زیندانی درێژماوە و بەند کردنی ئەو شارۆمەندانە لە لایەن ناوەندەکانی حکومەتەوە سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤە، هەڵسووکەوتی ناوەندە دەسەڵاتدارەکان بەو شێوازە ئەگەری ئەوە زیاد دەکا کە ئامانجی کەڵک وەرگرتن و دەرهێنانی کانەکانی ئەم ناوچەیە بە مەبەستی بەرەوپێشچوون و گەشەی ئابوری و ئاوەدانی نەبووە بەڵکوو بە پێچەوانە بە مەبەستی تاڵان و لە ناوبردنی ژینگە و ئابوری ناوچەکە بووبێ. چونکە گەشەی ئابووری و سەقامگیر مانەوەی، پێویستی بە دووربینی و سەرنجی هەمە لایەنە و لەبەرچاوگرتنی زیاتری سەرچاوە سرووشتییەکانە.