هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، “هێمن مام قادری” بەندکراوی سیاسی و خەڵکی بۆکان کە پێشتر هەواڵی گرتنیمان بڵاوکردبۆوە، لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا لە دوو شوێنی جەستەیەوە گوللـەی بەرکەوتبوو و ئێستا بە هۆی برینەکانییەوە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەوی پێنجشەممە ٢ی رەشەمەی ١٤٠٠ هێزەکانی ئیتلاعات لە رێگای نێوان (بۆکان – سەقز) دەست دەکەن بە تەقە و راوەدوونانی ماشێنی "هێمن مام قادری" و مامی واتە "یوسف مام قادری" و لە ئاکامدا ماشێنەکەیان لە بەردەکانی قەراخ رێگاکە دەکوتن و دوای ئەوەی لە ماشێنەکە دێنەخوار ڕان و مەچەکی "هێمن مام قادری" لە ئاکامی ئەو دەسڕێژەدا پێکراوە و بە برینداری وێڕای "یوسف مام قادری" دەستبەسەر دەکرێن.
هێمن مام قادری پاش دەستبەسەرکرانی دەگوێزرێتەوە بۆ گرتووخانەی هێزە ئەمنییەکان و دواتر رەوانەی بەندیخانەی ورمێ دەکرێ. "یوسف مام قادری"یش دوای ئەوەی دەگوازرێتەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی بۆکان هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
شایانی باسە هیچ زنیارییەک لە سەر هۆکاری راوەدوونان و تەقە لەو شارۆمەندانە لەبەردەستدا نییە و ماشینەکەشیان هیچ جۆرە کاڵایەکی قەدەغە یا قاچاخی تێدا نەبووە، بەڵام لە کۆبوونەوەکانی لێپرسینەوەدا تۆمەتی هاوکاری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان دراوەتە پاڵ.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، هێزە ئەمنییەکان بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە و بەم جۆرە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو دوو هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردوون.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە ناوبراو رێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ دوای تێپەڕاندنی ٣ ساڵ بەندکران لە سزای ٥ ساڵ زیندانی کە بۆی بڕابۆوە، لە بەندیخانەی بۆکان لە ماباقی سزاکەی خۆش بوون و ئازاد کرابوو.
هێمن مام قادری لە کۆتایی بەهاری ١٣٩٦دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و لە مانگی گەڵاڕێزانی هەر ئەو ساڵەدا لەلایەن لقی یەکی دادگای سەقزەوە بە تۆمەتی هاوکاری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو و رەوانەی بەندیخانەی سەقز کرابوو و پاشان لە سەرەتای پاییزی ساڵی ١٣٩٨دا بۆ بەندیخانەی بۆکان گوازرابۆوە.