دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران بریندار بوون 

هانا: لەم دوو رۆژی دواییدا ٢ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون. 

رۆژی شەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٢ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی "وەلی رۆستەمی" خەڵکی ئاوایی "پشت کوڕ" لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی، لە سەر سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوو. 

هەروەها لە راپۆرتێکی دیکەدا هاتووە، رۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٣ی ژوئەنی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "مەسعود خزرنژاد" خەڵکی بۆکان بە تەقەی راستەوخۆی هیزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران لە بەرزاییەکانی سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بریندار بوو. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا. 
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن یا گرتن و ئەشکەنجە کردنیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular