بە پێی زانیاریی هاوکارانی هانا، مەجید کەریمی و مەسعود فەرهیختە دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان لە گرتووخانەی ناوەندە ئەمنییەکانی سنە ڕەوانەی زیندانی ناوەندی ئەو شارە کراون.
هەروەها کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕایگەیاندبوو، رۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠١-(٣١ی مەی ٢٠٢٢)، کۆمەڵێک لە چالاکانی پیشەیی لە سنە بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی بەندکراو و هەروەها ناڕەزایەتی بە بەندکران و پەروەندەسازی و پڕوپاگەندەی تلویزیۆنی حکومەتی ئێران و ناوەندە ئەمنییەکان دژی چالاکانی بەندکراو، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. "مەسعود فەرهیختە" پاش پێشکەش کردنی وتارێک لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە لەو رۆژەدا و لە تێرمیناڵی سنە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرا.
دواتر ئێوارەی ئەو رۆژە "مەجید کەریمی"بەرپرسی یەکێتی مامۆستایان سنە و کەڵاتەرزان، کە لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایانی سنە بۆ بەدواداچوونی و وەرگرتنی زانیاری لە سەر دۆخی "مەسعود فەرهیختە" چووبوونە بەر ئیتلاعاتی سپا لە سنە، لەلایەن مەئموورانی ئەمنی حکومەتەوە کە جلی مەدەنییان لەبەردابووە، قۆڵبەست کراوە و بە پژۆیەکی سپی ڕفێندرا.