هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دەزگای قەزایی حکومەتی ئیسلامی ئێران دەستی لە پەروەندەسازی دژی دوکتور محەممەد قەدەمی کوردستانی خەڵکی بانە و یەکێک لە بەربژێرەکانی خولی ١٢ و ١٣ی سەرۆک کۆماری ئێران هەڵنەگرتووە و هەر بەردەوامە.
بەپێی ئەم راپۆرتە دەزگای قەزایی حکومەتی ئێران بەیانی رۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٠١ – (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، ژمارەی پەروەندەیەکی تازەی لە رێگای پەیامی تەلەفونەوە بۆ دوکتور محەممەد قەدەمی کوردستانی رەوانە کردووە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ، رۆژی دووشەممە ٢٣ی جۆزەردان-(١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، دەزگای قەزایی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە بانە دوکتور محەممەد قەدەمی ئاگادار کردبۆوە و داوایان لێ کردبوو تا ٥ رۆژی تر سەردانی لقی یەکی دادگای بانە بکات.
هەروەها لە رێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ – (٢٣ی مەی ٢٠٢٢) و ٢٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ دەزگای قەزایی حکومەتی ئێران لە رێگای (سامانەی سەنا) وە ژمارەی پەروەندەی تازەیان بۆ دوکتور قەدەمی رەوانە و ئاگاداریان کردبۆوە.
شایانی باسە لە رێکەوتی ٧ی رەشەمەی ١٤٠٠ – (٢٦ی فێبرواری ٢٠٢٢)، دادستانی ئێران پەروەندەیەکی دیکەی لە پارێزگای سنەوە دژی دوکتور قەدەمی ساز کردبوو و بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی تارانیان کردبوو.
شایانی باسە، دوکتور محەممەد قەدەمی لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران لە خولی وسێزدەیەم پاش راگەیاندنی بەربژێری خۆی و سەردانی وەزارەتی ناوخۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێڕێزی پێ کرابوو و لە بینای وەزارەتی ناوخۆ و لقی ناونووسین و تۆماری بەربژێرەکان بۆ سەرۆک کۆماری دەرکرابووە دەرێ.
دوکتور محەممەد قەدەمی پاش ئەم رووداوە رایگەیاندبوو، هۆکاری بێ رێزی پێ کردن و دەرکردنی لە وەزاڕەتی ناوخۆ و پێشگرتنی بۆ بەربژێری و کاندید کردنی، تەنیا ئەوەیە کوردە و سوننییە.
جێگای ئاماژەیە دەزگای قەزایی و ناوەندە و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران مەبەستی سەرەکییان لەم پەروەندەسازییانە ئەوەیە ئەم سیاسەتمەدارە کوردە دەست لە چالاکییە سیاسییەکانی هەڵگرێ.