بەپێی راپۆرتێک کە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، دوانیوەڕۆی رۆژی ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠١- (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، برای یەکێک لە لەقاودەرانی ئەشکەنجەگەرانی پەنابەرانی ئەفغانستانی، لەلایەن سێ کەس لە دەستوپێوەندەکانی سپای پاسدارانی ئێرانەوە هێرشی کراوەتە سەر و ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دراوە.
ناوی ئەم شارۆمەندە شاریار سەعدویی خەڵکی گوندی "تاریمیش" لە ناوچەی "قوتور" سەر بە "خۆی" راگەیەندراوە.
ناوی ئەو سێ کەسەش کە شارۆمەندانی ئەفغانستانیان بە بارمتە گرتووە و پووڵیان لێ ئەستاندوون و هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر شاریار سەعدوییان لێیانداوە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
"ئیبڕاهیم، بێهرووز و ئیسماعیل یۆسفی کە هەرسێکیان بران و کوڕی محەموود یۆسفی و خەڵکی ئاوایی "بلچووک" لە ناوچەی "قوتور"ی سەر بە "خۆی".
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، لە رۆژانی رابردوودا رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا و چالاکانی مەدەنی و سیاسی کوردستان ئەشکەنجە و بە بارمتەگرتنی شارۆمەندانی ئەفغانستانیان بە توندی مەحکوم کردبوو و دواتر شارام سەعدویی ناو و ناسنامەی ئەو کەسانەی لەقاودا.
هەر ئێستا شاریار سەعدویی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی خۆی و لە بەشی چاوەدێری ورد کەوتووە و دۆخی تەندروستی ناوبراو ناجێگیر راگەیەندراوە.