حوکمی دەرکرانی سومەیە ئەختەرشومار چالاکی سنفی مامۆستایانی مەریوان لە لایەن لیژنەی پێداچوونەوەی پەروەدەوە پشتڕاست کرایەوە

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : حوکمی دەرکرانی سومەیە ئەختەرشومار بە ١٧ ساڵ پێشینەی کار لە لایەن لیژنەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە پشتڕاست کراوەتەوە .

سومەیە ئەختەرشومار تەمەن ٣٦ ساڵ ، خێزاندار خەڵکی ئاوایی "ڕەوار"ی سەوڵاوا ، خاوەن بەڵگەنامەی لیسانس و مامۆستای زمانی ئینگلیسی  ١٧ ساڵ پێشینەی کارکردنی لە وەزارەتی پەروەدە هەیە .

ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سەندیکاییەکانی مامۆستایانی ئێران وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە نووسیویەتی : پەروەردەی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و دەزگای سەرکوت لە چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵی دروست کردن و تۆمارکردنی دۆسیە لە دژی چالاکانی سنفی ، هەوڵی دەرکردن ، کەمکردنەوە پلە و پایە و ڕاگرتنی کارەکانی مامۆستایانی ئەم پارێزگایەیان داوە .

هەروەها ئەنجومەنی هاوئاهەنگی سەبارەت بەم بڕیارانە ڕایگەیاندووە "ئەنجوومەنی هەماهەنگی وێڕای پشتیوانی لە خاتوو ئەختەرشومار و بەدواداچوون بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی ، ئیدانەی بەردەوامی تۆمارکردنی دۆسیە لە دژی چالاکوانانی سەندیکاکان دەکات" .

ناوبراو لە لایەن ئیدارەی پەروەردەی مەریوانەوە لە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ لە نامەیەکدا بۆ فەرمانبەرانی دەستەی تاوانە ئیدارییەکانی پارێزگای کوردستان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی "ناوەرۆکی هێرشبەرانە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەندامێتی چالاکانە لە  کاناڵەکانی نایاسایی مامۆستایان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان" پشتیوانی لایەنە کوردە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتی ئێران و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی بەبێ حیجاب لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و پشتیوانی لە دروشمی دابەشکاری ، بڵاوکردنەوەی وێنەی خوێندکارانی بێ حیجاب و خستنەڕووی دروشمی هەنجار شکێنانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ، بڵاوکردنەوەی وێنەی کوڕەکەی کە جلوبەرگی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئێران لەبەردایە لە لاپەڕەی شەخسی لە فەزای مەجازیدا بە دروشمەکانی ئەم حزبانە و ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەت لە کەناڵی ڕێکخراوی سەندیکاکانی مامۆستایانی ئێران تۆمەتبار کراوە .
دەستەی پێڕاگەیشتن بە تاوانە ئیدارەییەکانی پارێزگای کوردستان حوکمی دەر کرانی ئەم مامۆستایەی بە بێ ئامادە بوونی خۆی و پارێزەرەکەی لە رێکەوتی ٢٧ی گوڵانی ١٤٠٢ دەر کردووە . 

RELATED ARTICLES

Most Popular