جێبەجێ کرانی سزای لێدانی ٧٤ قامچی رۆیا هشمەتی بە هۆی دژایەتی کردنی حیجابی زۆرەملێ

هانا : ڕۆژی چوارشەممە “١٣ی بەفرانباری ١٤٠٢” رۆیا هشمەتی پاش پاش بانگ کران بۆ لقی یەکی جێبەجێکاری سزای دادگای ناوچەی ٧ی تاران سزای لێدانی ٧٤ قامچیەکەی جێبەجێ کرا .

رۆیا حشمەتی تەمەن ٣٣ ساڵ خەڵکی سنە و دانیشتووی تارانە .

ئەم شارۆمەندە کوردە بە هۆی بڵاو بوونەوەی وێنەی بەبێ حیجابی زۆرەمڵێ لە بلواری کەشاوەرزی تاران لە بەهاری ١٤٠٢ ، دەستبەسەر کرا و پاشان بە تۆمەتی “پروپاگەندە لە دژی حکومەت بە ساڵێک زیندانی تەعزیری ، ٧٤ قامچی و سێ ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوەی لە وڵات” مەحکوم کرابوو .

خانمی حشمەتی چیرۆکی جێبەجێ کرانی سزاکەی نووسیوە و لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاوی کردووەتە کە بە شێوەی خوارەوەیە :

ئەم بەیانیە لە جێبەجێکاری سزاوە پێوەندییان پێوەکردم بۆ جێبەجێ کرانی سزای ٧٤ لێدانی قامچیەکەم ، پێویندیم بە پارێزەرەکەمەوە کرد و پێکەوە چووین بۆ دادسەرای ناوچەی ٧

لە كاتی چوونەژوورەوە، کە تێپەڕبووین لەچكەکەم لابرد، چووینە ناو هۆڵەکە، دەنگی هاوار و گریان لە قادرمەکانەوە دەهات، کە خەریک بوون کەسێکیان دەبردە خوارەوە، ڕەنگە خەریکبوون بیبەن بۆ جێبەجێکردنی سزا بەسەریدا.
پارێزەرەکەم گوتی ڕۆیا گیان دیسان لەوبارەیەوە بیر بکەرەوە، جێگای لێدانی قامچییەکانیان تا ماوەیەکی درێژ لەگەڵت دەمێنێتەوە، ڕۆیشتین بۆ لقی یەکی جێبەجێکردنی سزاکان، فەرمانبەری ئەو لقە گوتی لەچکەکەت لەسەر بکە، تا کێشەت بۆ ساز نەبێت. بە ئارامی و لەگەڵ ڕێزەوە پێم گوت هاتووم تا بەهۆی ئەو بابەتەوە قامچیم لێ دەن، لەسەری ناکەم
پەیوەندییان كرد و فەرمانبەری جێبەجێکردنی سزاکە هاتە سەر وتی لەچکەکەت لەسەر بکە و بەدوای مندا وەرە. وتم لەسەری ناکەم وتی لەسەری ناکەی؟ بەشێوەیەک قامچیت لێ دەدەم، کە بزانی لەکوێی. دۆسیەیەکی تازەت بۆ دەکەمەوە، تا بۆ 74 قامچی دیکەش، هەر میوانی ئێمە بیت. دیسان لەسەرم نەکرد.
 ڕۆیشتینە خوارەوە، چەند کوڕیان بەهۆی خواردنەوەی كهووڵییەكان هێنابوو. دیسان پیاوێک بەتوندی گوتی مەگەر ناڵێم لەسەری کە؟ لەسەرم نەکرد. دوو ژنی چارشێوپۆش هاتن و لەچکەکەیان کێشا بەسەرمدا. دیسان دەرمهێنا و ئەو کارە بۆ چەند جار دووپات بووەوە. لەپشتەوە کەلەپچەیان لێم دا و دیسان لەچکەکەیان دا بەسەرمدا. هەر لەو پلیکانانەی، کە ژنەکەیان بردبوو، ڕۆیشتینە قاتی خواره‌وه‌. لەژێر پارکینگەگە ژوورێک بوو، دادوەر و فەرمانبەری جێبەکردنی سزاکە و ژنێکی چارشێولەسەر لەتەنیشتم ڕاوەستابوون. ژنەکە زۆر ئاشکرا نیگه‌ران بوو، چەند جارێک ئاخی هەڵکێشا و کوتی دەزانم.. دەزانم
دادوەری مێزەر بەسەر بە ڕووی من پێکەنی. وەبیر پیاوە چەک و پوشییەکەی کتێبی کوندەپەپووی کوێر هاتمەوە، ڕووم کردە ئەوبەر،
دەرگا ئاسنییەکەیان کردەوە، دیوارەکانی دیوەکە لە چیمەنتۆ بوون، تەختێک لە ژووری ژوورەکە بوو، کە کەلەپچە و پێبەندی ئەلیکترۆنی بە هەر دوو لایەوە جۆش درابوو، کەرەستەیەکی ئاسنی وەکوو پایەی بوومی نەقاشییەکی گەورە لەگەڵ جێگای دەستبەند و پێبەندە ئاسنییە ژەنگهێناوەکە لەناوەڕاستی ژوورەکە و کورسی و مێزێکی بچووک، کە سەری پڕ بوو لە قامچی، هەروەها لەپشت درگاکەش، ژوورێکی ئەشکەنجەدانی سەدەی ناوینی ڕاستەقینە بوو.
دادوەرەکە لێی پرسیم خاتوون حاڵت باشە؟ کێشەیەکت نییە؟ وەکوو ئەوەی بوونی نەبێت، وەڵامم نەداوە. وتی خاتوون لەگەڵ ئێوەمە! دیسان وەڵامم نەداوە. پیاوی فەرمانبەری جێبەجێکردنی سزاکان گوتی باڵتەکەت دەربێنە و لەسەر تەختەکە پاڵکەوە، باڵتە و لەچکەکەم لەسەر پایەی بوومی ئەشکەنجەکە هەڵواسی. گوتی لەچکەکەت لەسەر بکەوە! وتم نایکەم. قورئانەکەت لەژێر دەستت دانە و قامچییەکەت لێدە و لەسەر تەختەکە ڕاکشام. ژنەکە هات و وتی تکات لێ دەکەم لاسار مەبە. لەچکەکەی هێنا و کردییە سەرم.
پیاوەکە لەنێو ئەو کۆمەڵە قامچییەی، کە لەپشت دەرگاکە بوون قامچییەکی پێستی ڕەشی هەڵگرت. دوو دەور لەدەوری دەستی ئاڵاند و هات بەرەو لای تەختەکە. دادوەر گوتی زۆر بەتوندی لێی مەدە. پیاوەکە دەستی کرد بە لێدان. شانەکانم، پشتم، سمتم، ڕانم، لاقم و دیسان سەر لە نوێ ، ژمارەی قامچییەکانم نەژمارد.
لەژێر لێومەوە دەمخوێند بە ناوی ژن، بە ناوی ئازادی، جلی کۆیلەیی دڕا، بەیانی ئەم شەوە تارەی ئێمە دێت، تەواوی قامچییەکان دەبن بە تەور.
تەواو بوو، هاتینە دەرەوە. تەنانەت نەمهێشت وا بیر بکەنەوە، کە ئێشم پێ گەیشتووە، ئەوان سووکتر لەو قسانەن. ڕۆیشتینە سەرێ بۆ لای دادوەری جێبەجێکار سزاکان. فەرمانبەرە ژنەکە لە پشت سەرمەوە دەهات و ئاگای لێبوو لەچکەکەم لەسەرم دانەکەوێت. لەبەر دەرگای لقەکە لەچکەکەم هێنایە خوارەوە. ژنەکە وتی تکا دەکەم لەسەری بکەوە. لەسەرم نەکرد و دیسان كردییەوە سەرم.لەنێو ژووری دادوەر، دادوەر وتی ئێمە خۆمان لەو بابەتە خۆشحاڵ نین، بەڵام ئەوە یاسایە و دەبێت جێبەجێ بکرێت، وەڵامم نەداوە. وتی ئەگەر دەتانەوێت بەشێوەیەکی دیکە ژیان بەسەر ببەن، دەتوانن بچنە دەرەوە لە ئێران. وتم ئەم وڵاتە بۆ هەمووانە. وتی بەڵێ، بەڵام دەبێت یاساکان لەبەرچاو بگیرێن. وتم یاسا کاری خۆی بکات، ئێمەش درێژە بە بەرخۆدانی خۆمان دەدەین.
 زۆر سوپاس ئاغای تاتایی بەڕێز، ئەگەر ئێوە نەبوایەن، تێپەڕکردنی ئەم ڕۆژانە زۆر سەخت دەبوون. بمبورن کە  موەكلێکی گوێڕەیاڵ نەبووم، بێ گومان کەسێک بە گەورەیی ئێوە لێم تێ دەگات، بەهۆی هەموو شتێکەوە سوپاستان دەکەم
 

RELATED ARTICLES

Most Popular