بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، مینێکی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێڕاق لە نێوان ئاواییەکانی “گروێس” و “ئیسلاماوا” لە ناوچەی سەردەشت تەقیوەتەوە.
ئەم تەقینەوەیە لە نێوان ئاواییەکانی "گروێس" و "ئیسلاماوا" لە ناوچەی سەردەشت روویداوە و بووەتە هۆی کوشتن و بریندارکردنی مەڕومالات و زەرەر و زیانی ماڵیی لە هاووڵاتییان. بە پێی ئەم هەواڵە زیانێک کە بە هاووڵاتیان گەیشتووە بە بڕی ٢٥ میلیۆن تمەن خەمڵێنراوە. هەروەها داوا لە خەڵکی ئاوایی "گروێس" کراوە کە لە هاتوچۆ و لەوەڕاندنی مەڕوماڵات لەو ناوچە مینڕێژکراوە خۆ بپارێزن.
شایانی باسە ساڵێ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کورد لە پارێزگاکانی کوردستان بە هۆی مینی جێماوی شەڕی ئێران و عێڕاق و هەروەها بە هۆی ئەو مینانەی هێزەکانی رژیمی ئیسلامی ئێران دژی حزبەکانی کوردستان دایاناوە، دەکوژرێن یا کەمئەندام و بریندار دەبن یا خەڵک تووشی زەرەر و زیانی ماڵی دەبن.