تەتە: بریندار بوونی کۆڵبەرێک لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران 

بەپێی هەواڵیک کە هاوکارانی هانا ناردوویانە، کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٦ی ژوئەنی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێک بە هۆی تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەر سنووری “تەتە” سمتی بە توندی بریندار بووە. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "سۆران قادری" تەمەن ٣٥ ساڵ راگەیەندراوە. 
شایانی باسە ناوبراو رەوانەی نەخۆشخانەی مەریوان کراوە و ئێستا لەوێ لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا. هەر وەک لەم راپۆرتەشدا دەردەکەێ حکومەتی ئیران لەباتی ئەوەی هەلی کار بۆ شارۆمەندانی کوردستان بڕەخسێنی ئەو کۆڵبەرانە کە بە ناچار و بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەکەیان کۆڵبەری دەکەن هیچ مافێکی ئینسانی لەبەرچاو ناگرن و لێیان دەدەن، ئەشکەنجەیان دەکەن، تەقەیان لێ دەکەن و برینداریان دەکەین یان گیانیان لێ دەستێنن. 
خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە. 

بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular